ڕاگرتنی دەوامی داموده‌زگا حکوومییەکان تاوەکو ٤ی تەمموز درێژکرایەوە

Share on facebook
Share on google
Share on twitter
Share on linkedin

پارێزگای سلێمانی: ڕاگرتنی دەوامی داموده‌زگا حکوومییەکان تاوەکو ٤ی تەمموز درێژکرایەوە

بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن

ئەمڕۆ (٢٠٢٠/٦/٢٧)، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (٤٢)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاریدا بە:

١- هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تردا لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (٢٠٢٠/٧/١) بە داخراویی دەمێنێتەوەو ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هاتووچۆ بکات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دیاریکراون و لە دوای ئەو کاتەشەوە وەزارەتی ناوخۆ ئەم بابەتە دیاری دەکات.

٢- ڕاگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حکومییەکان، جگە لە هێزەکانی ناوخۆو کەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان بەپێی سروشتی ئەرک و ئێشکگریی خۆیان، درێژ دەکرێتەوە بۆ ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٤).

٣- هەموو مزگەوت و پەرستگاو شوێنە ئاینییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بە داخراوی دەمێننەوە.

٤- تاقیکردنەوەی قۆناغی پێنجەمی پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەو تاقیکردنەوەی پراکتیکیی ئامادەییە پیشەیەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا بە پێیی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوەدەچن.

٥- تاڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٤)، هەموو نۆرینگە ئەهلیەکانی پزیشکی ددان دادەخرێن و لەکاتی زۆر پێویستدا هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی سەنتەرە ڕاوێژکارییەکانی پیرەمێردو شۆڕش تایبەت بە ددان بکەن. هەر کلینیکێکی پزیشکیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەکی ئەهلی پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

٦- تا ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٤) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، چێشتخانەکان تەنها بە دلیڤەری دەتوانن کاربکەن و چایخانەو قاوەخانەو ساردەمەنیەکانیش بەبێ شوێنی دانیشتن دەتوانن بەردەوام بن.

٧- نێرگەلەخانەو هەر کافتریایەک کە نێرگەلە پێشکەش بکات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیک، جیمەکان، یانە شەوانەکان، مەیخانەکان، شوێنەکانی کاتبەسەربردن و سەرگەرمکردن، هۆڵی بۆنەو کۆڕو کۆبوونەوەکان، بەداخراوی دەمێننەوە.

٨- پرسەو پرسەی گەڕەکەکان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو کۆبوونەوەیەکی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێک قەدەغەن.

٩- گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس) تا ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٤) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕادەگیرێت، هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

١٠- هەر شۆفێرێکی (تەکسی) پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

١١- قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا بەردەوام دەبێت و هاووڵاتیان بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەکان تەنها بە پێ دەتوانن هاتووچۆو بازاڕ بکەن.

١٢- لە دابەشکردنی موچەدا فەرمانگاو خەزێنەو بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەوامی خۆیان دەکەن بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان و، فەرمانگەکان بەپێی لیستی موچە بەهەمان ڕێکارو ڕێنمایی تەندروستیی لەو ڕۆژانەی بۆیان دیاریدەکرێت موچە دابەش دەکەن.

١٣- لە هەر شوێنێک، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ نەکرێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

١٤- هەر کۆمپانیاو دامەزراوەو مۆڵ و شوێنێکی کەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

١٥- پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون و کۆبوونەوەیەک بەدوور بگرن.

١٦- پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان لێپرسینەوەو ڕێکارەکان وردترو زیاترو خێراتر بکەن و هەر فەرمانگەو لیژنەیەک کەمتەرخەمیی بکات، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

١٧- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربکەن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری #سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی #كۆرۆنا
٢٠٢٠/٦/٢٧

شێری بابەتەکە بکە

Share on facebook
Facebook
Share on twitter
Twitter
Share on linkedin
LinkedIn